ترەمپ و پوتین بە تەلەفۆن باسی کێشەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن
کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا بە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیای راگەیاندووە، پێویستە هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ رازیکردنی کۆریای باکوور بە دەستبەرداربوونی بەرنامە ناوەکییەکەی.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە ”کاتی ئەوە هاتووە“ رێککەوتنێک بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی لەنێوان ئیسراییل و فەلەستینییەکان بکرێت.
لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە 1948ـەوە، شەڕ و ململانێیەکی بەردەوام لەنێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیل دروست بووە و فەلەستین ئەو دەوڵەتە بە داگیرکەری خاکەکەی، دەناسێنێت.
دوای بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بە ناسینی شاری ئۆرشەلیم (قودس) وەک پایتەختی ئیسرائیل، فەلەستین پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا کەم کردووەتەوە و رایگەیاندووە، چیتر بە نێوەندگیریی ئەمریکا بۆ پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل، رازی نابن.
ئێوارەی رۆژی 6/12/2017، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم دەرکرد و تێیدا شاری ئۆرشەلیمی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند
باسنیوز
