جێگری ترەمپ نەرمیی بەرامبەر کیم جۆنگ ئون دەنوێنێت

 جێگری ترەمپ نەرمیی بەرامبەر کیم جۆنگ ئون دەنوێنێت
جێگری سەرۆکی ئەمریکا نەرمیی بەرامبەر رژێمی کۆریای باکوور، کە کیم جۆنگ ئون سەرۆکایەتی دەکات، دەنوێنێت.



مایک پێنس، جێگری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (واشنتن پۆست)دا رایگەیاندووە، هەڵمەتەکانی گوشارخستنە سەر کۆریای باکوور بەردەوام دەبن و بەهێزتریش دەبن.



مایک پێنس هاوکات رایگەیاندووە، کە ئەگەر کۆریای باکوور داوای کۆتایی هێنان بە کێشەکان لەڕێی دانوستاندنەوە بکات، ”ئەوا دادەنیشین و دانوستاندن دەکەین“.



هەرچەندە جێگری سەرۆکی ئەمریکا دانوستاندن بەڕێگایەکی سەرکەوتوو دەزانێ بۆ کۆتایی هێنان بە کێشە و ناکۆکییەکان، بەڵام تا ئێستا هەڵوێستی فەرمیی ئەمریکا لەبارەی کۆریای باکوور بریتییە لەوە، پێویستە ئەو وڵاتە پێش هەر دانوستاندنێک، دەستبەرداری هەموو بەرنامە ناوەکی و سەربازییەکانی بێت و کۆریای باکووریش ئەو مەرجە رەتی دەکاتەوە.



بەهۆی پەرەپێدان بە بەرنامەی چەکی ناوەکی و کۆمەڵکوژ و هەڕەشە بەردەوامەکانی کۆریای باکوور لەسەر ئاسایشی جیهان، ئەمریکا و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی چەندین سزایان بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.


باسنیوز
Top