رووانگەی سووری ئاماری کوژراوانی سوپای تورکیا و یەپەگە بڵاو دەکاتەوە
رۆژ دووشەممە 12/2/2018، رووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە لە زۆربەری بەرەکانی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەلایەک و یەپەگە لەلایەک، تەرازووی هێز گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
هەروەک ئەو رێکخراوە رایگەیاندووە، ئێستا یەپەگە بەرگرییەکی سەخت دەکات و لە زۆر شوێنیش هێرش دەکاتە سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا و توندڕەوەکانی ئۆپۆیسیۆنی سووریا.
بەپێی بەیاننامەکەی رووانگەی سووری، لە سەرەتای هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین تا کۆتایی رۆژی یەکشەممە 11/2/2018، 152 شەڕڤانی یەپەگە و 194 چەکداری هێرشبەر گیانیان لەدەست داوە، کە 29یان سەربازی سوپای تورکیا بوون و ئەوانی دیکە چەکداری گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆن بوون.
لە رۆژی شەممە 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، هێرشیان کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.
باسنیوز
