بەگومانی هەبوونی بۆمبێك گەشتی فڕۆكەیەكی فینلەندا هەڵوەشایەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە ترسی هەبوونی بۆمبێك لە نێو فڕۆكەكەیەكی گەشتیاریی ناوەخۆی ئەوروپادا، گەشتێكی فڕۆكەوانی لە فڕۆكەخانەی هێلسینكی پایتەختی فینلەندا هەڵوەشایەوە.
ماڵپەڕی رۆژنامەی "ئیڵتا سانۆمات"ی فینلەندی بڵاوی كردەوە بەهۆی ئەگەری هەبوونی هەڕەشەیەكی تیرۆریستیەوە، گوایە بۆمبێك لەنێو فڕۆكەیەك داندراوەتەوە، گەشتێكی فڕۆكەوانی ئەمشەوی هێلسینكی بەرەو ستۆكهۆلمی پایتەختی سوید هەڵوەشایەوە.
رۆژنامەكە بڵاوی كردەوە كە لەدوای پێگەیشتنی زانیارییەكی نادروست، پۆلیسی فڕۆكەخانە دەمودەست سەرجەم گەشتیارانی فڕۆكەكەی هێنا خوارەوە و تەواوی جانتا و كەلوپەلەكانی نێو فڕۆكەكەیان پشكنی، بەڵام هیچ مادەیەكی نامۆ نەدۆزرایەوە.
فڕۆكەكە سەر بە كۆمپانیای "ساس"ی ئەسكەندەناڤی بووە و پۆلیسی فڕۆكەخانەكە بۆ "ئیڵتاسانۆمات" زانیارییەكەی پشتڕاست كردووەتەوە.
bas news-
