پەرلەمانی بەریتانیا لەبارەی دۆخی عەفرین کۆبوووە

پەرلەمانی بەریتانیا لەبارەی دۆخی عەفرین کۆبوووە
ژمارەیەک پەرلەمانتار و لۆردی سەربە پارتی کاری بەریتانیا لەگەڵ ناوەنێکی توێژینەوەی بەریتانی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبوونەوەیەکی نافەرمییان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی عەفرین رێکخست.

هەنگاوی یەکەمی پارتی کار ئەوەیە، پێش ئەوەی قسەیەک بکات، لە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە بەباشی تێبگات .

ستێفن کینۆک، پەرلەمانتاری پارتی کار بە رووداوی راگەیاند "پێویستمان بەوەیە گوێ بگرین و باش تێبگەین کە چی روودەدات لە ناوچەکە، لەو بڕوایەدام کە هاوڕێیان و خوشک و برا کوردەکانمان شایەنی پشتیوانی ئێمەن، ئەوەی من تێیگەیشتبێتم هەندێک لەو جوڵە سەربازیانەی حوکمەتی تورکیا گرتویانەتەبەر سیاسەت و ئەجێندای وڵاتانی دیکەیە لە تورکیادا".

ناوەندەکە سەر بە دەسەڵاتی شاهانەیە و ئەوەش وایکردووە کاریگەریی بەسەر سیاسەتی حکومەتی بەریتانیاوە هەبێت، ئەو حکومەتەی هێشتا بە وشەیەکیش نیگەرانی خۆی لە هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەرنەبڕیوە.

لە کۆبوونەوە نافەرمییەکە جگە لە عەفرین، دۆخی ئێستای کرکووک و خورماتووش تاوتوێکران، ئەو دووناوچەیەی باشووری کوردستان، کە لە 16 ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی هێرشیانکردە سەری و بەو هۆیەوە سەتان خێزان دەربەدەربوون و خانووەکانیان تەقێنرایەوە.
rudaw -
Top