ئێران بەهۆی چوار مۆبایلەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتێکی پێشکەوتوو دەپچڕێنێت

 ئێران بەهۆی چوار مۆبایلەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتێکی پێشکەوتوو دەپچڕێنێت
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی مۆبایلێکی سامسونگەوە، بانگهێشتی باڵیۆزی کۆریای باشوور لە تاران دەکات.

پێشتر کۆمپانیای سامسونگی کۆریای باشوور رایگەیاند، کە مۆبایلێک بە دیاری دەداتە هەموو وەرزشکارانی بەشداربوو لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانە لە پیۆنگ چانگ، تەنیا نایداتە وەرزشکارانی ئێران و کۆریای باکوور.

کۆمپانیاکە هۆکاری بێبەشکردنی یاریزانانی ئێران و کۆریای باکوور لەو دیارییە بۆ بوونی چەندین گەمارۆی ئابووریی و سەربازیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو دوو وڵاتە گەڕاندووەتەوە و رایگەیاندووە، پێدانی دیاری بە یاریزانانی ئەو دوو وڵاتە پێشێلکردنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانە.

رۆژی پێنجشەممە 8/2/2018، وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی کۆریای باشووری لە تاران بانگهێشت کردووە و پێی راگەیاندووە، پێویستە کۆمپانیای سامسونگ بە فەرمی داوای لبووردن لە ئێران بکات.

هەروەها محەمەدجەواد زەریڤ، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی داوەتە کۆریای باشوور و رایگەیاندووە، کە ئەگەر تا ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە کۆمپانیای سامسونگ داوای لێبووردن لە ئێران نەکات، ئەوا ئێران پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکە و کۆریای باشووریش تێک دەچێت.

بڕیارە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانەی بیۆنگ چانگ لە کۆریای باشوور لە رۆژی هەینی 9/2/2018 دەست پێ بکات و تا رۆژی 25/2/2018 بەردەوام بێت. تیمێکی چوار یاریزانیی ئێرانیش بەشداریی دەکەن.










باسنيوز
Top