فەرەنسا لەبارەی عەفرینەوە هۆشداریی دەداتە تورکیا
رۆژی چوارشەممە 7/2/2018، یان ئیڤ لۆدریان، وەزیتری دەرەوەی فەرەنسا بە کەناڵی BFMـی وڵاتەکەی راگەیاندووە، تورکیا و ئێران یاسا نێودەوڵەتییەکان لە سووریا پێشێل دەکەن.
یان ئیڤ لۆدریان هەروەها رایگەیاندووە، کە نابێ تورکیا بە بیانووی پاراستنی سنوورەکانی، هاووڵاتییانی مەدەنی لە عەفرین بکوژێت و ”پێویستە تورکیا شەڕێکی دیکە لە سووریا زیاد نەکات“.
ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر ساری عەفرین دێت، کە بە هاوکاریی گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، کردوویەتییە سەر شارەکە.
بەپێی دوایین ئاماری دەستەی تەندروستیی کانتۆنی عەفرین، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، 148 هاووڵاتیی مەدەنیی شارەکە شەهید بوون و 365 هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.
لە رۆژی شەممە 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، هێرشیان کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.
باسنيوز
