سعوودیە مووشەکێکی دیکەی حووسییەکانی تەقاندەوە
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ئەسۆشیەیتێدپرێس) لیوا تورکی ئەلمالکی، گوتەبێژی هاوپەیمانێتیی وڵاتانی عەرەبی بە ڕێبەریی سعوودیە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فەرمیی سعوودیە گوتوویە: "ئەو مووشەکە لەلایەن شیعە حووسییەکانی لایەنگری ئێرانەوە لە ناوچەی "سەعدا"وە بۆ شاری "خەمیس مشیت" هەڵکەوتوو لە 160 کیلۆمەتریی هاوسنووری "یەمەن" هاوێژراوە، تەقێندراوەتەوە".
تورکی ئەلمالکی، میلیشیا حووسییەکانی بەوە تاوانبار کردووە کە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی سڤیلیان کردووەتە ئامانج.
ئەو گوتەبێژە سەربازییەی سعوودیە ڕای گەیاندووە: "ئێران بە زیاترکردنی یارمەتییە دارایی و سەربازییەکانی بۆ میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە".
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "ئەلعەرەبییە"ی سەر بە سعوودیە، تورکی ئەلمالکی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە شیعە حووسییەکان هەتا ئێستا 95 مووشەکی بالستیکیان بە ئاساتەی سعوودیە هاویشتووە کە لەلایەن قەڵغانی مووشەکیی ئەو وڵاتەوە هەموویان تەقێندراوەتەوە".
هاوکات ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە کارناس و چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش گوتوویانە، ئاسەوارەکانی ئەو مووشەکە بالستیکانەی کە لەلایەن حووسییەکانەوە بۆ سعوودیە دەهاوێژرێن، هەمان ئەو مووشەکانەن کە ئێران بەرهەمیان دەهێنێت.
ئەمریکا بۆ سەرلامندنی تاوانباریی ئێران لە پرسی هاویشتنی مووشەکی بالستیک بۆ سعوودیە ئاسەواری ئەو مووشەکەی لە ئەنجومەنی ئاسایش نمایش کرد.
باسنیوز
