رۆژنامەنووسێکی تورک: ئاسمانی عەفرین لە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا قەدەغە کرا

 رۆژنامەنووسێکی تورک: ئاسمانی عەفرین لە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا قەدەغە کرا
رووسیا بەکارهێنانی ئاسمانی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە قەدەغە دەکات.

بەپێی زانیارییە بڵاو کراوەکان، ئەو بڕیارەی رووسیا دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی رووسیا دێت لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی بەرەی تەحریر شام لە شاری ئیدلیب، کە تورکیا پشتگیرییان دەکات.

دوای ئەو رووداوە، کە بووە هۆی کوژرانی کاپتنی فڕۆکەکە، رووسیا بڕیاری قەدەغەکردنی فڕینی فڕۆکە تورکییەکانی لە ئاسمانی سووریا بە رۆژئاوای کوردستانیشەوە، داوە.

تائێستا هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەبارەی ئەو بڕیارەوە نەدراوە، بەڵام مەتەهان دەمیر، رۆژنامەنووسی تورک لە رۆژنامەی (سوپەر هەبەر)، کە نزیکە لە حکوومەتی تورکیا، رایگەیاندووە، ”رووسیا بەشێوەیەکی کاتی ئاسمانی سووریای لە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا قەدەغە کردووە“.

رۆژی شەممە 3/2/2018، چەکدارانی بەرەی تەحریر شام، کە پێشتر ناوەکەیان بەرەی نوسرە بوو و بە باڵی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە لە سووریا دەناسرێ و تورکیا پشتیوانییان دەکات، فڕۆکەیەکی جەنگیی رووسیایان لە پارێزگای ئیدلیب، خستە خوارەوە.

ماوەی 17 رۆژە سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەستیان بە هێرشێکی فراوان بۆ سەر شاری عەفرین کردووە و بەهۆی ئەو هێرشانەوەش، تا ئێستا نزیکەی 500 هاووڵاتیی مەدەنی بوونەتە قوربانی.

لە رۆژی شەممە 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرش دەکەنە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.

رووسیا لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2015 بە ناردنی هێزی سەربازی، هاوکاریی رژێمی سووریای کرد و دواتریش ئاسمانی وڵاتەکەی کۆنتڕۆل کرد.









باسنيوز
Top