کەسێک بە چەکی سارد هێرشی کردە سەر کۆشکی سەرۆک کۆماریی ئێران
بەپێی سەرچاوەکان کەسی هێرشبەر، بە سەرنجدان بە هۆشداری هێزە ئەمنییەکان، پرسگەی یەکەمی کۆشکی سەرکۆماریی ئێرانی بڕیوە و ویستوویە پێشڕەوی بکات، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستڕێژی لێکراوە و بە برینداری دەستگیر کراوە.
جێگری ئاسایشی پارێزگای تارانیش وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، ئاشکرای کردووە: "کەسی هێرشبەر ویستوویە پرسگەی دووەمی دەرگای چوونە ژوورەوەی کۆشکی سەرکۆماری ببڕێت، کە لەلایەن پاسەوانەکانی گاردی سەرکۆمارییەوە پێشی پێگیراوە و بە دەستڕێژی گوللە بریندار بووە و پاشان دەستگیر کراوە".
هەتا ئێستا ناو و ناسنامە و ئامانجی ئەو کەسە لەو هێرشەی ڕوون نەبووەتەوە.
ناڕەزاییەکانی ئێران کە کۆتایی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو لە زیاتر لە 100 شار دەستیان پێکرد، کە لە خۆپیشاندانەکاندا نزیکەی 25 کەس کوژران و پاشان لەناو گیراوەکانیش لە گرتووخانەکان شەش کەس گیانیان لەدەست دا و لەو کاتەوە هەتا ئێستا ناوە بەناوە لە شارە جیاجیاکانی ئێران، خەڵکی ناڕزای بەهۆی قەیرانی دارایی، بێکاری و گەندەڵییەوە دەست بە خۆپیشاندان دەکەن.
بە گوتەی پەرلەمانتارانی ئیران لە جەریانی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا نزیکەی 4 هەزار کەس دەستگیر کراون.
باسنيوز
