بەحرێن رەگەزنامە لە هەشت کەس وەردەگرێتەوە و رەوانەی عێراقیان دەکات
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتێکدا، کە رۆژی یەکشەممە 4/2/2018 بڵاو کراوەتەوە، رایگەیاندووە، ئەو هەشت کەسە هەفتەی رابردوو رەوانەی عێراق کراون.
ئەو رێکخراوە هەروەها رایگەیاندووە، کە حکوومەتی بەحرێن پێی وایە ئەو هەشت کەسە ”مایەی هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی بەحرێن“.
دوای دروستبوونی چەند خۆپیشاندانێک لە بەهاری 2011، کە شیعەکانی بەحرێن دژی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان رێکیان خستبوون، یاسایەکی نوێ لە بەحرێن دەرکرا، کە بەهۆیەوە رەگەزنامەی بەحرێنی لەو کەسانە دەسەنرێتەوە، کە دژایەتیی دەسەڵات دەکەن.
لە ساڵی 2012 دادگای تێهەڵچوونەوەی بەحرێنی لێسەندنەوەی رەگەزنامەی لە نۆ کەس پەسەند کرد و بڕیاری دەرکردنیانی دا، کە یەکێکیان لەو کاتدا لە دەرەوەی وڵات بوو و هەفتەی رابردووش هەشت کەسەکەی دیکە راگواسترانەوە عێراق.
بەکرێن وڵاتێکی کەنداوی عەرەبییە، هاوپەیمانی ئەمریکا و رۆژئاوایە و ناکۆکییەکی قووڵیلەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، کە خۆی بە وڵاتی بەرگریکار لە مسوڵمانە شیعەکانی جیهان دەناسێنێت.
باسنیوز
