توركیا: له‌ مه‌نبه‌ج له‌ هێزەكانی ئه‌مریكاش ده‌ده‌ین

 توركیا: له‌ مه‌نبه‌ج له‌ هێزەكانی ئه‌مریكاش ده‌ده‌ین
گوته‌بێژی حكوومه‌تی توركیا، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌كات، ئه‌گه‌ر له‌ مه‌نبه‌ج نه‌كشێنه‌وه‌، ناچارن له‌وانیش بده‌ن، چونكه‌ لەوێ سەربازەكانی ئەمریكا جلوبه‌رگی یه‌په‌گه‌یان له‌به‌ر كردووه‌.

به‌كر بۆزداخ گوته‌بێژی حكوومه‌تی توركیا، له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنی (CNN)ـی توركی ده‌ڵێ سوپای توركیا ده‌چێته‌ ناو مه‌نبه‌ج و كه‌س ناتوانێت په‌شیمانی بكاته‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ مه‌نبه‌ج ئه‌و سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییانه‌ی جلوبه‌رگی یه‌په‌گه‌یان پۆشیوه‌، ده‌بنه‌ ئامانجی سوپای توركیا و لێیان ده‌ده‌ین.

بۆزداخ هه‌موو ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ش ره‌ت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ باس له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ده‌كه‌ن له‌ توركیا و ده‌ڵێ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك توركیا ناچێته‌ ناو هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خه‌ته‌وه‌.

له‌ باره‌ی هاوپه‌یمانی نێوان مه‌هه‌په‌ و ئاكپارتیش، كه‌ بڕیاره‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا به‌ فه‌رمی رابگه‌یه‌نرێ، بۆزداخ ئاشكرای ده‌كات كە ئه‌ردۆگان و ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی سه‌رۆكی مه‌هه‌په‌ كۆده‌بنه‌وه‌ و بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ ده‌ده‌ن.











باسنيوز
Top