مانگی رابردوو 500 كەس لە سووریا دەستگیر كراون
تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ راپۆرتێكی لەبارەی دەستگیرکردنی بەبێ هۆی هاووڵاتیانی سووریا لەلایەن هێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و هێزەكانی پەیەدە و ئۆپۆزسیۆنی چەکدار و گرووپە چەکدارەکانی دژ بە رژێم لە مانگی کانوونی دووەمدا بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە لە مانگی رابردوودا، بە بێ ئەوەی هیچ هۆکارێک هەبێت بۆ دەستگیرکردنیان، 496 کەس دەستگیر کراون.
هەروەها رایگەیاندووە هێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد، 389 کەسیان دەستگیر کردووە کە 19یان منداڵ و 41یان ژنن.
جەختیشی کردەوە کە ئەو کەسانە بەبێ هۆکار دەستگیر کراون و زۆربەیان بەشداری هیچ جۆرە چالاکییەکیان نەکردووە دژ بە رژێم.
لەلایەن پەیەدەشەوە، 42 کەس دەستگیر کراون، کە دوویان منداڵ و شەشیان ژنن.
تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشاوە، ئۆپۆزسیۆنی سەربازی و گرووپە چەکدارەکانی دژ بە رژێمیش، 33 کەسیان دەستگیر کردووە کە چواریان منداڵن.
لە راپۆرتەکەدا داوا کراوە چی زووە منداڵ و ژنە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن، هەروەها داوای کردووە دۆسیەی دەستگیرکراوان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بخرێتە رۆژەڤی دانوستانەکانی جنێڤ.
باسنيوز
