سوپای ئیسرائیل: بەهێزبوونی ئێران لە لوبنان دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ

 سوپای ئیسرائیل: بەهێزبوونی ئێران لە لوبنان دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک ڕوو بە خەڵکی لوبنان ئاشکرای دەکات، ساڵی 2018 ساڵی تاقیکردنەوەی لوبنان، ئەگەری بەهێزبوونی ئێران لەو وڵاتە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ.



بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان پەیامی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی دوێنێ یەکشەممە 2018/1/28 لە هەندێ لە ڕاگەیەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی لوبنان و ناوچەکە بڵاو کراویەوە و ڕاگەیەنەکانی ئیسرائیلیش ڕووماڵیان کردووە.



لیوا ڕۆن مەنلیس، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە لە ئەنجامی کەمتەرخەمیی دەسەڵاتدارانی لوبنان و بێدەنگیی زۆرێک لە وڵاتان، لوبنان بووەتە ناوەنی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێران.



گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە: "دۆخەکە وای لێهاتووە ئیتر تەنیا باسی گواستنەوەی پارە و ڕاوێژکاری سەربازی نییە، بەڵکوو ئێران بە کردەوە لە لوبنان لقی کردووەتەوە".



لیوا مەنلیس، ڕوو بە خەڵکی لوبنان دەڵێت: "ساڵی 2018 ساڵی تاقیکردنەوەتانە و ئاسایش و ئایندەی خۆتان مەکەنە ئامرازێک بۆ ئێران و داواکارین گەشەی ئابووری و سیاسیی وڵاتەکەتان مەکەنە قوربانیی دیکتاتۆریی تاران و حزبوڵا کە دەیانەوێ هەژموونیی ناوچەکە بگرنە دەست."



هەتا ئێستا دەسەڵاتدارانی لوبنان لە بەرانبەر ئەو پەیامەدا هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە، بەڵام چەند مانگ لەمەوبەر ئاویگدۆر لیبرمەن، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕای گەیاند ئێران لە لوبنان کارگەی بەرهەمهێنانی مووشەکی داناوە و لە هەر شەڕێکی نوێدا، ئیسرائیل نەتەنیا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حزبوڵا، بەڵکوو هەموو لوبنان دەکاتە ئامانج کە ئەوکاتە بەرپرسانی باڵا و سوپای لوبنان کاردانەوەیان بەو هەڵوێستە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەبوو.



باسنیوز
Top