هێرشێکی چەکداری کرایە سەر ئەکادیمیای سەربازیی کابوڵ

 هێرشێکی چەکداری کرایە سەر ئەکادیمیای سەربازیی کابوڵ
ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هێرش دەکەنە سەر ئەکادیمیای سەربازیی لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان.



بەپێی هەواڵی ئاژانسە جیهانییەکان، هێرشە چەکدارییەکە سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 29/1/2018 رووی داوە و چەکدارەکان شکستیان هێناوە و نەیانتوانیوە بگەنە ناو ئەکادیمیای سەربازیی مارشاڵ فەهیم، تاوەکو تێیدا کردەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.



سەرچاوە ئەمنییەکانی ئەفغانستان رایانگەیاندووە، هێزە ئەفغانییەکان رووبەڕووی ئەو چەکدارانە بوونەتەوە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، 15 کەس لە هەردوولا کوژراون و برینداربوون.



ماوەیەکە تقینەوە و کردەی تیرۆریستی لە کابوڵ روو دەدەن، کە دوایین کردەی تیرۆریستی بریتی بوو لە تەقینەوەیەکی گەورە، کە لەڕێی ئەمبوڵانسێکی بۆمبڕێژکراو رووی دا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 95 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 150 کەسی دیکە.



دوای هێرشە تیرۆریستییەکە، رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ئەفغانستان بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.



باسنیوز
Top