حەشدی شەعبی هەنگاوێکی مەترسیدار دژی سوننە و کورد دەهاوێژێت

حەشدی شەعبی هەنگاوێکی مەترسیدار دژی سوننە و کورد دەهاوێژێت




میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دیمۆگرافیای ناوچە سوننەنشین و کوردنشینەکانی عێراق دەگۆڕێت و زەوی بەسەر چەکدار و کەسوکاری کوژراوەکانیاندا دابەش دەکات.



سەرچاوەیەک لە حکوومەتی عێراق بە ماڵپەڕی (ئەلعەرەبی جەدید)ی راگەیاندووە، حکوومەت بەرنامەیەکی بۆ دابەشکردنی پارچەیەک زەوی بەسەر چەکدارانی حەشدی شەعبی داناوە و دەستەی حەشدی شەعبی و وەزارەتی بەرگری ناوەکان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز دەکەنەوە.



ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاندووە، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق واژۆ لەسەر لیستەکان دەکات و ناوەکان بۆ وەزارەتی شارەوانی دەنێرێت، وەزارەتەکەش پارچەیەک زەوی لە پارێزگا سوننەنشینەکانی سەڵاحەدین، ئەنبار، نەینەوا و باشوور و رۆژئاوای بەغدا و ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک، بۆ ئەو چەکدارانە دیاری دەکات.



ئەو هەوڵەی حکوومەتی عێراق بۆ دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر چەکدارانی ئەو میلیشیا تائیفییانە، کە خەڵکی شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن، بووەتە هۆی ناڕەزایی لایەنە سووننەکان و پێیان وایە حکوومەت هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکان دەدات.



پێش ساڵی 2003، رژێمی بەعسی عێراق، کە سەددام حوسێن سەرۆکایەتی دەکرد و لەسەر پێکهاتەی سوننەمەزهەب هەژمار دەکرا، هەمان هەوڵی دەدا، بە تایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان، بە دەرکردنی کورد و نیشتەجێکردنی عەرەب لە ناوچەکانیان.

bas news-
Top