لەبارەی عەفرین لێپرسینەوە لە دوو پەرلەمانتاری هەدەپە دەکرێت
داواکاری گشتیی کۆماری ئەنقەرە رایگەیاند، لێپرسینەوەکە دژی نادر یڵدرم، پەرلەمانتاری شاری وان و ئایهان بیلگەن، گوتەبێژی هەدەپە دەستپێکردووە.
لەبارەی جوڵاندنی سکاڵاکەیەوە، داواکاری گشتی دەڵێت "دەربارەی ئەو کەسانەی بەبیانووی ئۆپەراسیۆنی عەفرینەوە داوای رژانە سەرشەقامەکانیان لە خەڵکی کردووە و هەوڵدەدەن ئاڵۆزی بنێنەوە، لێپرسینەوەیەکی بەرفراوان
دەستیپێکردووە".
ناوەندی راگەیاندنی هەدەپەش رایگەیاندووە، پەرلەمانتاران نادر یڵدرم و ئایهان بیلگەن بەتۆمەتی ئەوەی لە توویتدا بانگەوازی خۆپێشاندانی پشتیوانیان بۆ عەفرین کردووە، سکاڵایان لە دژ تۆمارکراوە.
رۆژی یەکشەممە 21-1-2018 نادر یڵدرم، جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە بانگەوازی رێکخستنەکانی پارتەکەی کرد، بۆ پشتیوانی لە عەفرین بڕژێنە سەر شەقامەکان و گردبوونەوەی جەماوەری سازبکەن.
لە راگەیێندراوەکەی جێگری هاوسەرۆکی هەدەپەدا هاتبوو "بە ئامانجی پاراستنی ئیرادەی پێکەوەژیانی گەلان و ئاشتی دژ بە هەوڵی داگیرکاری عەفرین، دەبێت رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە لە تەواوی شوێنەکانماندا کۆنگرەی رۆژنامەوانی و رێپێوان ئەنجامدەدەین و دەبێت خۆپیشاندانی ناڕەزای دژ بە سیاسەتی شەڕانگێزی حکومەت و ئەو پارتانەی پشتگیری دەکەن، ئەنجامبدەین".
rudaw -
