ریال مەدرید بردنەوەیەکی گەورەی بەدەستهێنا

ریال مەدرید بردنەوەیەکی گەورەی بەدەستهێنا
یانەی ریال مەدرید کۆتایی بە ئەنجامە خراپەکانی هێنا و بە سەرکەوتنێکی گەورە گەڕایەوە سەر رێچکەی سەرکەوتنەکان.

ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ پێشوازی لە یانەی دیپۆرتیڤۆ لاکۆرونا کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی حەوت گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بردەوە.

لە گێمی یەکەمدا و لە خولەکی 23دا ئادریان لۆپێز ئالڤارێز تاکە گۆڵەکەی دیپۆرتیڤۆی تۆمارکرد، هەر لەم گێمەدا و لە خولەکی 32 و 42دا ناچۆ و گاریس بەیڵ دوو گۆڵیان تۆمارکرد و ریال مەدریدیان پێشخست.

لە گێمی دووەمدا و لە خولەکەکانی 58 و 68دا بەیڵ و مۆدریچ دوو گۆڵی دیکەیان تۆمارکرد، دواتر کریستیانۆ رۆناڵدۆش لەم یارییەدا لە گۆڵتۆمارکردن بێبەش نەبوو و دوو گۆڵی یەک بەدوای یەکی لە خولەکەکانی 78 و 84دا تۆمارکرد، دوو خولەک پێشکۆتاییهاتنی یارییەکەش ناچۆ گۆڵی حەوتەمی بۆ لۆس بلانکۆس تۆمارکرد.

لە یارییەکەدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای تۆمارکردنی گۆڵی دووەمی خۆی، سەر شکا و بەهۆیەوە یاریگای بەجێهێشت.

بەم بردنەوەیە ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی 35 خاڵ گەڕایەوە پلەی چوارەمی خولی ئیسپانی و دیپۆرتیڤۆش بە 16 خاڵ لە پلەی 18مدایە.
rudaw -
Top