ئەمریکا لەبارەی عەفرین: لە نیگەرانی تورکیا تێدەگەین و داوادەکەین دانبەخۆیدا بگرێت

ئەمریکا لەبارەی عەفرین: لە نیگەرانی تورکیا تێدەگەین و داوادەکەین دانبەخۆیدا بگرێت
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن دۆخی عەفرین لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و تورکیا تاوتوێدەکات و دەڵێت، واشنتن نیگەرانە لە دۆخی باکووری سووریا و لە "نیگەرانییە ئەمنییە "شەرعییەکانی" ئەنقەرەش تێدەگات.

بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کردووە.

بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تیلەرسن رایگەیاندووە "داوا لە تورکیا دەکەین دانبەخۆدابگرێت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لەڕووی چوارچێوە و کاتەوە سنوورداربێت و ورد بێت بۆ رێگریکردن لە زیانە مەدەنییەکان".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە نیگەرانییەکانی تورکیاش کردووە و بە "شەرعی" ناویبردوون. راشیگەیاندووە "بەردەوامدەبین لە پشتیوانیکردنی چارەسەرکردنی نیگەرانییە شەرعییە ئەمنییەکانی تورکیا وەک هاوپەیمانێکی ناتۆ و هاوبەشێکی گرنگ لە تێکشکاندنی داعشدا".

ئەمریکا ئاماژە بەوەشدەکات، ئێستا کاتی ئەوەیە وڵاتە زلهێزەکان پێکەوە کاربکەن، بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە سووریا.

ئێوارەی رۆژی شەممە 20-1-2018 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "چڵە زەیتوون"ی راگەیاند، کە لەڕێگەیەوە هێرش دەکاتە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و بەگوتەی بەرپرسانی تورکیا، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە نەهێشتنی مەترسی یەپەگەیە لەسەر وڵاتەکەیان.
rudaw -
Top