عەبدولفەتاح سیسی خۆپاڵاوتنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی میسر راگەیاند
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لەوتارێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند دەیەوێت بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی خۆی کاندیدبکاتەوە و بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە ئەو وڵاتە بەڕێوەببات.
سیسی لە وتارەکەیدا وتیشی "بنیاتنانی دەوڵەتێک 16 بۆ 20 ساڵی دەوێت، من دەمەوێت لەماوەی هەشت ساڵدا ئەوە تەواو بکەم."
پێشتر سەرۆک ئەرکانی پێشووی میسر سامی عەنان خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی میسر راگەیاندبوو، بەو پێیەش دەبێتە رکابەری عەبدولفەتاح سیسی.
هەرچەندە وڵاتی میسر لەماوەی دەسەڵاتی سیسی-دا "هەندێک سەقامگیریی" بەخۆیەوە بینی، بەڵام رەخنەگرانی ئەو سەرۆکە دەڵێن کە ئاستی جەماوەریی دابەزیووە بەهۆی چاکسازییە ئابوورییە سەختەکان کە کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر گوزەرانی هاوڵاتیانی میسر، هەروەها ئەو هەڵمەتانەی سیسی لەسەر لایەنە نەیارەکانی دەیکات بەهەمان شێوە تێڕوانینێکی نەرێنی بۆ دروستکردووە لەلایەن بەشێک لەمیسرییەوەکانەوە.
هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی میسر لەنێوان 26 تا 28ی مانگی ئاداری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، گەر هیچ کام لەکاندیدەکانیش زیاد لە لەسەدا 50ی دەنگەکانیان بەدەستنەهێنا، ئەوا خولی دووەمی هەڵبژاردن لە 24 تا 26ی مانگی نیسان ئەنجام دەدرێت.
خەندان
