پاپای فاتیكان هۆشداری لە ڕوودانی جەنگی ئەتۆمی دەدات
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان هۆشداری دا لە هەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمی و دووپاتی كردەوە ئەمڕۆ جیهان زۆر نزیكە لەم مەترسیە.
ئەم لێدوانەی پاپای ڤاتیكان دوای رۆژێك لە هۆشیاركردنەوە بە هەڵەكەی ویلایەتی هاوای ئەمریكا دێت، كە بە خەڵك راگەیەندرابوو هێرشی مووشەكی بالیستی لەڕێیە. ئەمەش وایكرد گومان بكرێ لە دەستپێكردنی جەنگی ئەتۆمی لەگەڵ كۆریای باكوور.
پاپا لە وەڵامی ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگی ئەتۆمیەوە بە وردی وەڵامی داوەتەوە بەوەی "پێموایە ئێمە زۆر نزیكین لەم مەترسیە، بەڕاستی ترسم هەیە، یەك رووداو بەسە بۆ گڕبەردان لە دۆخەكە".
پاپا ئەمڕۆ بە گەشتێك بەرەو چیلی بەڕێكەوت، لەنێو فڕۆكەكەیدا وێنەی منداڵێكی قوربانی چەكی ئەتۆمی لە ژاپۆن بەدەستەوە بوو و گوتی "دەمەوێ ئەم وێنەیە چەندین جار چاپ بكرێتەوە، رەنگە ئەم وێنەیە كاریگەری لە زۆر وشە زۆرتر بێت، بۆ دووركەوتنەوە لە دووبارە خستنەوەی قوربانی لەم شێوەیە".
bas news-
