پەرلەمانی ئێران لەبارەی خۆپیشاندانەکان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بەڕێوە دەبات

 پەرلەمانی ئێران لەبارەی خۆپیشاندانەکان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بەڕێوە دەبات
بەپێی هەواڵ و ڕاپۆرتی ماڵپەڕە فەرمییەکانی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە پەرلەمانی ئەو وڵاتە لەبارەی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی 10 ڕۆژی ڕابردووی ئێران کۆبوونەیەوەیەکی نائاسایی و داخراو ساز دەکات.



ماڵپەڕی (تەسنیم)ی سەر بە سوپای پاسداران لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پەرلەمانی ئێراندا عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری ناوخۆ، مەحموود عەلەوی وەزیری ئیتلاعات و عەلی شەمخانی سکرتیری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن.



بەپێی هەمان سەرچاوە، پرسی خۆپیشاندانەکانی 10 رۆژی ڕابردووی شارەکانی ئێران و کاردانەوە و کاریگەرییەکانی تەوەری دانیشتنی نێوان پەرلەمانتاران و بەرپرسانی باڵای سیاسی و ئەمنیی ئێران.



ماوەی 11 ڕۆژە بەهۆی ڕەوشی خراپی ئابووری، بێکاری و گرانی خەڵکی ناڕازی ڕژاونەتە سەرشەقامەکان و لە زیاتر لە 100 شاری ئەو وڵاتە خۆپیشاندان لەدژی حکوومەت ڕووی داوە و هەتا ئێستا 22 هاووڵاتی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و زیاتر لە 1800 کەسیش لە سەرتاسەری ئێران دەستگیر کراون کە زیاتر لە 10 کەس لە کوژراوەکان کوردن و زیاتر لە 200 کەس لە دەستگیرکراوەکانیش کورد بوون.




باسنیوز
Top