سوپای رژێمی سووریا چەند مووشەکێک ئاراستەی خاکی تورکیا دەکات
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 2/1/2018، دوو مووشەک لە خاکی سووریاوە ئاراستەی تورکیا کراون و لە ناوچەی یایلاداغی لە سەر سنوور، کەوتوونەتە خوارەوە.
ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی نیمچە فەرمیی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە، کە مووشەکەکان لە ناوچەیەکەوە ئاراستەی تورکیا کراون، کە لەژێر دەسەڵاتی سوپا و میلیشیاکانی سەر بە رژێمی سووریادایە.
هەروەک ئاژانسەکە بڵاوی کردووەتەوە، سوپای تورکیا وەڵامی هێرشەکەی سوپای سووریای داوەتەوە و تۆپبارانی پێچەوانەی کردووە. تا ئێستا زەرەر و زیانە گیانی و مادییەکانی هەردوو تۆپبارانەکە ئاشکرا نەکراوە.
تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی دژایەتیی خۆی بۆ رژێمی سووریا نیشان داوە و پشتگیریی بەشێک لە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە (نزیکەی هەشت ساڵە)، شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە
باسنیوز
