ئەردۆغان و بەشیر 12 رێککەوتن واژۆ دەکەن
سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی سوودان 12 رێککەوتنی بازرگانی واژۆ دەکەن.
رۆژی یەکشەممە 23/12/2017، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی، بە سەردانێکی دوو رۆژە، سەردانی سوودانی کرد و لە خەرتومی پایتەختی ئەو وڵاتە، لەگەڵ عومەر بەشیر، سەرۆکی سوودان کۆ بووەوە.
بەپێی زانیارییە بڵاو کراوەکان، رەجەب تەییب ئەردۆغان و عومەر بەشیر 12 رێککەوتنی ئابووریی و بازرگانییان واژۆ کردووە و رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنی هاریکاریی ستراتیژجی لەنێوان هەردوو وڵات.
ئەردۆغان لە خەرتووم لە پرێس کۆنفرانسێکدا، رایگەیاندووە، تورکیا پلانی هەیە ئاستی بازرگانیی لەگەڵ سوودان لە 500 ملیۆن دۆلارەوە بگەیەنێتە 10 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا، ”100 سەرمایەدار و وەبەرهێنەر لەم سەردانەمدا یاوەرییم دەکەن، ئەوان کار بۆ دۆزینەوەی وەبەرهێنان لە سوودان دەکەن“.
ئەو سەردانەی ئەردۆغان بۆ سوودامن یەکەم سەردانی سەرۆک کۆمارێکی تورکیایە بۆ ئەو وڵاتە لە ساڵی 1956ـەوە. هەروەک مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە، پێشتریش لە ساڵی 2006 و لەو کاتەی سەرۆک وەزیران بوو، ئەردۆغان سەردانی سوودانی کرد.
باسنیوز
