پێشبینیی نرخی نەوت لەم ئەگەرەدا بۆ سەرووی سەد دۆلار دەکرێت"
(د. عەلی بەلو)، پسپۆڕی کەرتی نەوت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێستا ڕەوشێکی ئاڵۆز پەیدا بووە لە نێوان دەوڵەتانی زلھێزی جیھاندا، بەتایبەتی فشارەکانی ئەمەریکا و ئیدارەی (ترامپ) بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەبەر ئەوەی چەندی پەیوەندیی نێوان ئەمەریکا و ئێران بەرەو ئاڵۆزی بچێت، بازاڕی نەوت زیاتر بەرز دەبێتەوە، چونکە بازاڕی جیھانیی نەوت پەیوەستە بە ڕەوشی سیاسی و ڕووداوەکانی ڕۆژەوە.''
(د. ئیدریس ڕەمەزان)، مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین و پسپۆڕی ئابووری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای توندبوونی ئاڵۆزی نێوان ئەمەریکا و ئێران ھەموو پێشبینییەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بێتەوە، چونکە ئێران ڕۆڵی ھەیە لە ڕێکخراوی جیھانیی ئوپێکدا و لە کاتی کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرھەمی ھەناردەکردنی نەوت کاریگەریی لەسەر بازاڕ دەبێـت، ئێران یەکێک لە وڵاتانی جیھانییە، کە ڕێژەیەکی زۆر بەرھەمی نەوت دەخاتە بازاڕەوە، لەبەر ئەوە ڕاگرتنی نەوتی ئێران و خستنە ڕووی لە بۆرسەی نەوتدا کەم دەبێـتەوە و بە ھۆی زیادبوونی خواستی بازاڕ گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.''
چاودێران دەڵێن، ڕۆژانە وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نزیکەی ٣٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کەنداوی عەرەبی و فارسی ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان دەکەن، چاودێرانی ڕەوشی ناوچەکەش پێشبینی دەکەن، لە ئەگەری ئاڵۆزیی زیاتر و ھەر پێکدادانێک لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا ڕێگەی کەنداو بە ڕووی ھەناردەکانی نەوتدا دەگیرێت و بازاڕی جیھان پشکێکی زۆری نەوتەکەی لەدەست دەدات.
لەبارەی ئەو نرخەی پێشبینی دەکرێت، (د. عەلی بەلو) دەڵێت: ''نرخی ئێستا لە ٦٠ دۆلار بەسەر کەوتووە، بەڵام ئەگەر ئاڵۆزیی زیاتر بکەوێتە نێوان ئەمەریکا و ئێرانەوە بەھای ھەر بەمیلێک لە بازاڕدا نزیک دەبێتەوە لە سەد دۆلاری ئەمریکی، لە ئەگەرێکی دیکەشدا ھەر پێکدادانێک، یان ھێرشێک، یان ھێرش نەکرێت و ھەر ئەمەریکا ھێزەکانی بێنێتە کەنداو، یەکسەر نرخی نەوت دەچێتە سەرووی سەد دۆلار و ھەڵە نیم، ئەگەر بڵێم دەگاتە سەرووی سەد و پەنجا دۆلاریش.''
(د. ئیدریس ڕەمەزان) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: ''لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کێشمەکێشی زۆر لە نێوان وڵاتاندا ھەیە و قەیرانی زۆر ڕوویان لە ناوچەکە کردووە، بەتایبەتی ئەمەریکا و سعودیا دەیانەوێت ئێران دوور بخەنەوە لە گۆڕەپانی نەوت، ئەوەش لە بەرژەوەندیی بازاڕدا نابێت و گۆڕانکاریی گەورە بەڕێوەیە، زۆر جار باسی پێکدادانیش دەکرێت، بەڵام من پێم وایە، ئەگەر ڕەوشەکە نەگاتە ئاستی پێکدادانیش و تەنیا ئەم قەیرانانەی ڕوویان لە ناوچەکە کردووە توند ببنەوە نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و دەگاتە سەرووی سەد دۆلار.''
kdp -
