هاوپەیمانییەکی سەربازی دژی میلیشیا ئێرانییەکان دروست دەکرێت
عەبدولمەلیک مەخلافی، وەزیری ناوخۆی یەمەن بە کەناڵی (سکای نیوز)ی راگەیاندووە، ئێستا هیچ پاڵپشتییەکی سیاسی و جەماوەری بۆ میلیشیای حوسی نەماوە، کە ئێران پشتگیریی ماددی و سەربازی دەکات.
عەبدولمەلیک مەخلافی هەروەها رایگەیاندووە، کە هێزە شەرعییەکانی یەمەن لە بەرەکانی شەڕی دژی حوسییەکان لە پارێزگای شەبووە و کەناراوەکانی رۆژئاوا، سەرکەتنیان بەدەست هێناوە.
وەزیری ناوخۆی یەمەن ئاماژەی بەوەش کرد، کە دوای کوشتنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی یەمەن بە دەستی چەکدارانی حوسی، پاڵپشتیی جەماوەی و سیاسی بۆ ئەو میلیشیایە نەماوە و حکوومەتیش لەگەڵ هێزە نیشتمانییەکانی یەمەن هاوپەیمانییەکی سیاسی و سەربازی دژی ئەو میلیشیایەدروست دەکات.
رۆژی دووشەممە 4/12/2017، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی یەمەن، کە لە سەرەتای مانگی 12ـی 2017 لە میلیشیای حوسی هەڵگەڕایەوە و دەستی بە راپەڕینێکی چەکداری کرد بۆ رزگارکردنی یەمەن، بە گوللەی چەکدارانی حوسی کوژرا.
حوسییەکان میلیشیایەکی چەکداریی شیعەمەزهەبن. لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتیی سەربازیی و دارایی دەکرێن.
باسنیوز
