تورکیا بۆ ئۆپەراسیۆنی عەفرین 10 هەزار سەربازی ئامادەکردووە

تورکیا بۆ ئۆپەراسیۆنی عەفرین 10 هەزار سەربازی ئامادەکردووە
بۆ ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی عەفرین، 10 هەزار سەربازی سوپای تورکیا و 15 هەزار چەکداری سوپای سووریای ئازاد لە ئامادەباشیدان.

ئەحمەد عوسمان، فەرماندەی لیواکانی سوڵتان موراد سەر بەسوپای سووریای ئازاد رایگەیاند، بۆ ئۆپەراسیۆنی عەفرین 10 هەزار سەربازی سوپای تورکیا و 15 هەزار چەکداری سوپای سووریای ئازاد لە ئامادەباشیدان و چاوەڕوانی فەرمانی تورکیا دەکەن بۆ هێرشبردن.

ئەحمەد عوسمان روونیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات ئامادەکاری بۆ کراوە و یەکەکان بەشێوەیەکی رێکخراو دابەشبوون، یەکەیەکی هێزە تایبەتییەکانی "بێرییە سوورەکان"ی کۆماندۆی تورکیاش پشتیوانییان دەکات.

فەرماندەی لیواکانی سوڵتان موراد باسی لەوەشکرد، دوای کۆتاییهاتنی یەکجارەکی داعش، شەڕ لە دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای سووریا دەکەن و گوتی "ناوچەیەکی زۆر و دەیان گوندی تورکمانەکان لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە-یە و هەفتەی رابردووش لە منبج رووبەڕووبووی یەکدی بووینەوە".
rudaw -
Top