ئێرلەندا داوای چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کورد لە تورکیا دەکات
لە دانیشتنی پەرلەمانی ئێرلەندا لەبارەی پرۆسەی دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە پرسیارێک ئاراستەی جیگری سەرۆکوەزیران کرا.
سیمۆن جۆڤەنەی، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە وەڵامی پرسیارەکەدا لەبارەی دادگاییکردنی دەمیرتاش ئاماژەی بەوەکردووە، خوازیارن سەرجەم کێشەکان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەربکرێن و راشیگەیاندووە، کێشەی کورد لە تورکیا تەنیا لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر دەکرێت.
جێگری سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا بە پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، لە ساڵی 2016 وەزیری پێش خۆی کاتێک دەمیرتاش و یوکسەکداغ خرانە زیندانەوە نیگەرانی خۆی دەربڕیووە و راگەیێندراوێکی لەسەر ئەو پرسە بڵاوکردووەتەوە، هەروەها نوێنەرێک لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لەگەڵ ژمارەیەک نوێنەری باڵوێزخانەی وڵاتانی دیکە لە ئەنقەرە لە مانگ تەمووزی ئەمساڵ هەوڵیانداوە لە دانیشتنی دادگاییکردنی فیگەن یوکسەکداغ و لە مانگی کانوونی یەکەمیش لە پرۆسەی دادگاییکردنی دەمیرتاش ئامادەبن، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە.
سیمۆن جۆڤەنەی نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی پەرلەمانتاران لە تورکیا و ئاماژەی بەوەکردووە، لەرێگەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە ئەنقەرە لەگەڵ پەرلەمانتارانی هەدەپە بەردەوام لە پەیوەندیدان و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی دادگاییکردنەکان دەکەن.
rudaw -
