ماکرۆن و ئەردۆغان ڕووبەڕووی بڕیارەکەی ترەمپ بوونەوە
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئیمانوێل ماکرۆن لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ئەو بڕیارەی سەرکۆماری ئەمریکایان بۆ ناوچەکە بە نیگەرانی وەسف کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنادۆڵوو، ئەردۆغان گوتوویەتی: "پارێزگاری لە پیرۆزییەکانی قودس و پێگەی مێژوویی، ئەرکی هەموو مرۆڤایەتییە و جەختی کردووەتەوە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا هەڵی گرتووە هەڵەیە و کاریگەریی خراپی لەسەر هەڵوێستی هەموو وڵاتانی ناوچە و بۆ وێنە ئیسرائیل دەبێت و دەبێ وڵاتانی ئەورووپی هەڵوێستیان هەبێت".
سەرکۆماری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممەی پێشوو، سەرەڕای بڕیارنامەی ژمارە 478ی ئەنجومەنی ئاسایش کە دەڵێت پێکەوە لکانی قودسی ڕۆژهەڵات (ئۆرشەلیم) بە ئیسرائیل و ڕاگەیاندنی وەک پایتەختی ئەو وڵاتە گوتی: "کاتی بە فەرمی ناسینی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل هاتووە".
هاوکات ترەمپ فەرمانی کرد ئامادەکاری بۆ گواتسنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە "تەلئەبیب"ەوە بۆ ئۆرشەلێم بکرێت.
ئەم بڕیار و هەڵویستەی ئەمریکا کاردانەوەی ناوچەیی و جیهانیی لێ کەوتووەتەوە و چەندین گرژی و ئاڵۆزی و پێکدادان لە کەرتی غەزە، ڕامۆڵا لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و گەنجانی فەلەستین ڕووی داوە و هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل پێگەکانی حەماسیان بۆردومان کردووە.
باسنیوز
