بەحرەین: حەشدی شەعبی دەبێتە رێکخراوێکی تیرۆریستی

 بەحرەین: حەشدی شەعبی دەبێتە رێکخراوێکی تیرۆریستی
وەزیری دەرەوەی بەحرەین رایدەگەیەنێت، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەبنە رێکخراوێکی تیرۆریستی.

بەپێی هەواڵی میدیا عەرەبییەکان، خالد بن ئەحمەد ئال خەلیفە، وەزیری دەرەوەی بەحرەین لە وتارێکدا لە پانێڵێکی دیداری ئاسایشیی مەنامە رایگەیاندووە، کە پێویستە بیر لە سەپاندنی سزا بەسەر حەشدی شەعبیدا بکرێتەوە.

دیدارەکە، کە لەلایەن پەیمانگای نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوە ستراتیجییەکان لە لەندەن، رێکخراوە، رۆژی شەممە 9/12/2017 لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین دەستی بە کارەکانی کرد.

لە دیدارەکەدا، تاوتوێی پرسەکانی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسایشی ئەلیکترۆنی، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و گرووپە تیرۆریستییەکان و داهاتووی عێراق دەکرێت.

خالید بن ئەحمەد ئال خەلیفە هەروەها رایگەیاندووە، کە حەشدی شەعبی گەشە دەکات و خەریکە دەبێتە رێکخراوێکی تیرۆریستی.

حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 میلیشیای شیعەمەزھەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای ھەرەس پێھێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.










باسنيوز
Top