حەشدی شەعبی دەچێتە سەر سنووری ئیسرائیل

حەشدی شەعبی دەچێتە سەر سنووری ئیسرائیل
میلیشیایەکی حەشدی شەعبی دەچێتە سەر سنووری ئیسرائیل و لەوێوە ھەڕەشە لەو وڵاتە دەکات.

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی ملیشیای عەسایب ئەھلی حەق، کە بەشێکە لە حەشدی شەعبی، چووەتە ناوچە سنوورییەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل.

قەیس خەزعەلی، کە میلیشیاکەی پەیوەندییەکی بەتینی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەیە و ئەو وڵاتە پاڵپشتیی دارایی و سەربازی دەکات، لەسەر سنوور ھێما بۆ ناوچەی جۆڵان لە ئیسرائیل دەکات.

ئەمینداری عەسایب ئەھلی حەق رایدەگەیەنێت، کە بە تەواوی ئامادەن بۆ ھاوکاریکردنی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی لە دژی ئیسرائیل

بڵاو بوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی خەزعەلی لەسەر سنووری ئیسرائیل لەکاتێک دایە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر فەرمانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە شاری تەل ئەڤیڤەوە بۆ شاری ئۆرشەلیم (قودس) کرد.









باسنيوز
Top