رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی بەیاننامەیەک لەبارەی راپەڕین دژی حوسییەکان دەردەکات
بەپێی بەیاننامەکە، کە میدیا عەرەبییەکان بڵاویان کردووەتەوە، رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی پشتگیریی خۆی بۆ راپەڕین لە دژی حوسییەکان نیشان داوە و رایگەیاندووە، ”لە نزیکەوە“ چاودێریی رەوشی ئەو وڵاتە دەکات.
رێکخراوەکە پێشوازی لە دانوستاندنی لایەنە ناکۆکەکانی یەمەن جگە لە حوسییەکان کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پشتیوانیی دەسەڵاتی شەرعیی یەمەن دەکات.
نزیکەی هەفتەیەکە هێزەکان سەر بە پارتی کۆنگرەی گەل، کە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی یەمەن سەرۆکایەتی دەکات شەڕی دژی حوسییەکان راگەیاندووە و تا ئێستا چەندین شاری وڵاتەکەیان رزگار کردووەتەوە.
دوای لەسەرکار لادانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە ساڵی 2012 لە ئەنجامی شۆڕشی گەلی یەمەن دژی حکوومەتە دیکتاتۆرەکەی، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بووە هاوپەیمانی چەکدارە حوسییەکان و دەستیان بەسەر وڵاتەکەیاندا گرت و حکوومەتی عەبد رەبە مەنسوڕیان شکست پێهێنا.
حوسییەکان میلیشیایەکی چەکداریی شیعەمەزهەبن. لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتیی سەربازیی و دارایی دەکرێن.
رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، لە 57 وڵاتی ئیسلامی پێک دێت و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان.
باسنيوز
