حوسییەکان چەند شارێکی یەمەن لەدەست دەدەن
شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزەکانی کۆنگرەی گشتیی گەل، کە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی یەمەن سەرۆکایەتی دەکات، لەگەڵ چەکداران میلیشیای حوسییەکان، کە ئێران پاڵپشتیی ماددی و سەربازییان دەکات، بەردەوامە.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، هێزەکانی کۆنگرەی گشتیی گەل دەستیان بەسەر شارەکانی سەنعای پایتەخت، بەیزا، ئیب، زەمار، ریمە، حجە و مەحویتدا گرتووە.
دوای راگەیەندراوی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، کە تێیدا داوای لە عەشیرەتەکان کرد راپەڕن و حوسییەکان لە وڵاتەکەیاندا دەربکەن، زۆربەی عەشیرەتەکان رووبەڕووی ئەو میلیشیایە بوونەوە و سەدان چەکداری حوسی کوژراون.
دوای لەسەرکار لادانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە ساڵی 2012 لە ئەنجامی شۆڕشی گەلی یەمەن دژی حکوومەتە دیکتاتۆرەکەی، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بووە هاوپەیمانی چەکدارە حوسییەکان و دەستیان بەسەر وڵاتەکەیاندا گرت و حکوومەتی عەبد رەبە مەنسوڕیان شکست پێهێنا.
حوسییەکان میلیشیایەکی چەکداریی شیعەمەزهەبن. لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی سەربازیی و دارایی دەکرێن.
باسنيوز
