یەمەن.. ١١ ملیۆن منداڵ پێویستی بە ھاوکاری بە پەلەیە

 یەمەن.. ١١ ملیۆن منداڵ پێویستی بە ھاوکاری بە پەلەیە
سعودیە گەمارۆی لەسەر بەشێک لە وڵاتی یەمەن ھەڵگرت، بەڵام ھێشتا ١١ ملیۆن منداڵ پێویستی بە ھاوکاری بە پەلە ھەیە، گیانیان لە مەترسیدایە.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی حوسییەکانی یەمەن، سعوودیە گەماری خستە سەر ئەو وڵاتە، بەڵام لەو گەمارۆیەدا ھاووڵاتی سڤیل باجی زۆریاندا، بە تایبەت منداڵان، لەبەر نەبوونی خۆراک و ئاوی پاک گیانیان لە مەترسییە و داوا دەکرێت ھاوکاری بە پەلەیان بۆ بچێت.

بە گوێرەی گوتەی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ یەمەن، لەو وڵاتە لە ھەر ١٠ خولەکێکدا منداڵێک دەمرێت، ھۆکاری مردنەکەیش خراپی باری تەندروستییانە.

گێرت کاپەلێرا نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە عەمانی پایتەختی ئوردن ئاشکرای کرد، کە لە یەمەن ١١ ملیۆن منداڵ پێویستی بە ھاوکاری بە پەلەیە، ھەروەھا بۆ بارودۆخی منداڵان، یەمەنی بە خراپترین شوێن وەسف کرد.

گوتیشی: "شەڕی یەمەن بە شێوەیەکی زۆر خەماوی شەڕە لە دژی منداڵان، ھەروەھا ١٧ ملیۆن مرۆڤ لە یەمەن پێویستی بە خواردنە و گیانیان لە مەترسیدایە و ٧ ملیۆنیش رووبەرووی برسییەتێکی بێوێنە بوونەتەوە".

باسی لەوەش کرد لە ٢٠١٥ـەوە تاوەکو ئێستا، بە ھۆی بۆردومانەکانی سعوودیە و ھاوپەیمانی وڵاتانی عەرەب، ٨ ھەزار و ٦٧٠ کەس مردوون و ٤٩ ھەزار و ٩٦٠ یش برینداربوونە، کە بەشێکی زۆریان ھاووڵاتی سڤیلن.









باسنيوز
Top