یەکەم کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی هاوپەیمانیی ئیسلامی دەستی پێ کرد
کۆبوونەوەکە نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 26/11/2017 لە شاری ریازی پایتەختی سعودیە لەژێر ناونیشانی (هاوپەیمانەکان دژی تیرۆر) بە سەرۆکایەتیی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین و وەزیری بەرگریی سعودیە، دەستی پێ کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە یەکەم کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی هاوپەیمانیی ئیسلامییە، تاوتوێی هەڕەشەی حوسییەکانی یەمەن بە تایبەت و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر وڵاتانی عەرەبی و سوننەمەزهەب، دەکرێ.
دوای دەستبەسەرداگرتنی زۆربەی شارەکانی یەمەن لەلایەن رێکخراوی حوسییەکان، کە رێکخراوێکی یەمەنیی شیعەمەزهەبی چەکدارە و نزیکە لە ئێران، هاوپەیمانیی ئیسلامی لە ژمارەیەک وڵاتی سوننەمەزهەب دروست کرا، کە سەرەکییەکانیان بریتین لە سعودیە، پاکستان و میسر.
هاوپەیمانییەکە لە یەمەن بە بۆردومانی ئاسمانی، هەوڵی ”گەڕاندنەوەی شەرعیەت و حکوومەتی هەڵبژێردراو بۆ یەمەن“، دەدات.
باسنيوز
