سەعد حەریری سعودیە بەرەو فەڕەنسا جێدەهێڵێت
حەریری، لە تویتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، "ئەوەی كە دەوترێت لە سعودیە دەستبەسەرم و رێگام پێنادرێت ئەو وڵاتە جێبهێڵم درۆیە، من لەرێگام بەرەو فڕۆكەخانە".
رۆژی سێی ئەم مانگە، سەعد حەریری بەسەردانێك رووی لە سعودیە كرد، بەڵام رۆژێك دواتر هەر لەو وڵاتەوە دەستلەكاركێشانەوەی لەناكاوی خۆی لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی لوبنان رایگەیاند، ئەوەش وایكرد قەیرانێكی سیاسی لە لوبنان سەرهەڵبدات و مەترسی لەسەر سەقامگیری ئەو وڵاتە بێتە ئاراوە.
لەلایەن خۆشییوە میشێل عۆن-ی سەرۆكی لوبنان رایگەیاند، تا ئەو كاتەی حەریری نەگەڕێتەوە وڵاتە، ئامادەنییە دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەند بكات، لەهەمانكاتدا عۆن سعودیەی تۆمەتباركرد بەوەی حەریری دەستبەسەركردوە.
هەفتەی رابردووش، ئیمانوێل ماكرۆن-ی سەرۆكی فەڕەنسا بانگهێشتی حەریری و خێزانەكەی كرد تا سەردانی ئەو وڵاتە بكات.
لەلایەن خۆیەوە عیقاب سەقر-ی ئەندام پەرلەمانی لوبنان لە رەوتی موستەقبەل كەلەلایەن حەریری-ەوە سەرپەرشتی دەكرێت رایگەیاند، حەریری دوای سەردانیكردنی فەڕەنسا گەشتێكی كورت بۆ وڵاتانی عەرەبی ئەنجامدەدات پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ لوبنان.
خەندان
