میدیایەکی ئێران: گەمارۆکانی سەر ئێران پێشیان بە یارمەتیی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە گرت

 میدیایەکی ئێران: گەمارۆکانی سەر ئێران پێشیان بە یارمەتیی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە گرت
ماڵپەڕێکی سەر بە سوپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە کە یاساکانی ئەمریکا لە بواری گەمارۆکان لەدژی ئێران، بوونە هۆی گرفت لە هەناردنی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان.



ماڵپەڕی (فارسنیوز)ی سەر بە سوپای پاسداران لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، بوومەلەرزەی کرماشان و دروستکردنی کێشە بە بۆنەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئیران نوێترین نموونەیە کە بانگەشەی لێپرسراوانی ئەمریکا ڕەت دەکاتەوە کە دەڵێت گەمارۆکان تەنیا کەرتە حکوومەتییەکان دەگرێتەوە و کاریگەریی لەسەر خەڵک نابێت.



لە درێژەی ئەو راپۆرتەکەدا هاتووە: "یاساکانی پەیوەندیدار بە قەدەکردنی ئاڵووێ لەگەڵ ئێران، دەبێتە هۆی ئەوەی کەسانی ئەمریکی بەبێ مۆڵەتی وەزارەتی خەزێنەداری نەتوانن هیچ یارمەتییەک بۆ ناوەندە خێرخوازە ئێرانییەکان بنیرن".



ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێک دایە یەک ڕۆژ دوای ڕوودانی بوومەلەرزەکەی کرماشان هەشت وڵاتی جیهان وێڕای سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامادەیی خۆیان دەربڕی کە یارمەتیی مرۆیی بە لێقەوماوانی بوومەلەرەکەی کرماشان بنێرن، بەڵام محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد، ئێران پێویستی بە یارمەتیی هیچ وڵاتێک نییە و خۆی توانایی یارمەتیی خەڵکی هەیە.



ئەمە لە کاتێک دایە کە دوای سێ ڕۆژ لە ڕوودانی بوومەلەرزەکەی کرماشان و دەروبەری، بە گوتەی خەڵکەکە هێشتا بەشێکی زۆر لە گوندەکان یارمەتییان پێ نەگەیشتووە و ئەو یارمەتیانەش لەلایەن خەڵکەوە دەگەنە کرماشان، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.


باسنیوز
Top