فەرەنسا: ئێران دەستێوەردان لە کاروباری لوبنان دەکات و لەهەرکوێش ئێران هەبێت کاولکارى ڕوودەدات
ئەلیکساندەر گۆرگینی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژانەدا وتی "هیوادارین هەموو ئەو لایەنانەی دەسەڵاتیان هەیە لە لوبناندا واز لە لوبنان بهێنن و ڕێگا بکەنەوە بۆ ئەو سیاسییانەی لە وڵاتەکەدا هەن تاوەکو بتوانن بەتەواوەتی بەرپرسیارێتییەکانیان ئەنجام بدەن."
وتیشی "بەڕێز سەعد حەریری دوێنێ داوای لە ئێران کرد دەست وەرنەداتە کاروباری ناوخۆی لوبنان و دراسێکانییەوە، پێمان وایە ئەم مەرجە گرنگە بۆ سەقامگیری ناوچەکە".
ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی ٤ى تشرینى یەکەم، سەعد حەریری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتى حکومەتى لوبنان ڕاگەیاند و وتی "حزبوڵا دەیەوێت بە چەک ئەمری واقیع لە لوبنان بسەلمێنێت". ئەوەشی وت کە "ئێران دەستێوەردان لە کاروباری لوبنان دەکات و لەهەرکوێش ئێران هەبێت کاولکارى ڕوودەدات".
رۆژی ١٠ی تشرینی دووەم سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی لوبنان ڕایانگەیاند، میشێل عۆن سەرۆکی لوبنان بە نێردەی سعودیەی ڕاگەیاندووە، شێوازی دەستلەکارکێشانەوەی سەعد حەریری جێی قبوڵ نییە و پێویستە سەعد حەریری بگەڕێتەوە بۆ لوبنان.
لە ڕۆژی ٦ی تشرینی دووەمدا حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان ڕایگەیاند، هیچ هۆکارێکی ناوخۆیی نییە بۆ دەستلەکارکێشانەوەی سەعد حەریری، سەرۆکایەتی حکومەتی لوبنان وتیشی "حزبەکەی هیچ گفتوگۆیەکی سیاسی لەسەر ئەو دەستلەکارکێشانەوەیە ناکات".
