تورکیا.. گۆڕینی سەرۆک وەزیران ئەگەرێَکی بەھێزە
ئەمڕۆ دووشەممە 13/11/2017، رەجەب تەییب ئەردۆگان بەر لەوەی گەشت بۆ رووسیا بکات، ماوەی سەعات و نیوێک لەگەڵ بیناڵی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا کۆبوەتەوە، تاوەکو ئێستایش نازانرێت ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە چی تێدا بووە.
ئەردۆگان ماوەی دووو مانگ دەبێت چەندین سەرۆک شارەوانی لەسەر کار لاداوە، ھەروەھا زۆربەی بەرپرسی لقەکانی ئاکپارتیشی دوور خستوەتەوە.
چەند رۆژێکی تریش سەرۆک پەرلەمانی تورکیاش دەگۆڕدرێت و کەسێکی تر دێتە شوێنی، ئەمەیش ھەر بە فەرمانی ئەردۆگان.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەردۆگان لەگەڵ یڵدرم، قسە و باسی زۆر بەدوای خۆیدا ھێناوە، چونکە لەناکاو بانگی کردوە و ھیچیشیان بۆ میدیاکان باس نەکردووە.
چەند میدیایەکی تورکیا باسیان لە گۆڕینی یڵدرم کردوە، بەوەی ئەردۆگان لەو کۆبوونەوەیەدا بە یڵدرمی گوتووە دەستلەکار بکێشەوە، چونکە پێشتریش بە ھەمان شێوە ئەحمەد داود ئۆغلوی بانگ کرد و پاشان دەستلەکارکێشانەوەی پێ ئەنجام دا.
پێدەچێت سەردانەکەی یڵدرم بۆ ئەمریکا ئەردۆگانی زۆر توڕە کردبێت، چونکە یڵدرم بە بێ ھیچ ئەنجامێک گەڕایەوە بۆ تورکیا و کەوتە بەر رەخنەی زۆرێک لە میدیاکانی تورکیاش.
ئەگەر بێت و یڵدرم دەستلەکار بکێشێتەوە، بەکر بۆزداخ وتەبێژی ئێستای حکوومەتی تورکیا بەھێزترین کاندید دەبێت بۆ شوێنگرەوەی.
باسنيوز
