سەعد حەریری: ناچار نەکراوم و دەگەڕێمەوە

 سەعد حەریری: ناچار نەکراوم و دەگەڕێمەوە
سەرۆک وەزیرانی دەست لەکار کێشانەوەی لوبنان رایدەگەیەنێت، کە لە سعودیەوە ناچار نەکراوە بە دەست لەکار کێشانەوە و دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی.



سەعد حەریری، سەرۆک وەزیرانی دەست لەکار کێشاوەی لوبنان لە یەکەم لێدوانی تەلەڤزیۆنیدا دوای دەست لەکار کێشانەوەکە، رایگەیاندووە، لە سعودیە رووبەڕووی هیچ لێپرسینەوەیەک نەبووەتەوە و هەر کاتێ بیەوێ ئەو وڵاتە بەجێ دەهێڵێت.



سەعد حەریری هەروەها رایگەیاندووە، کە بەرپرسانی سعودیە ناچاریان نەکردووە بۆ دەست لەکار کێشانەوە و ئەو بەهۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر گیانی، دەستی لەکار کێشاوەتەوە.



حەریری ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لەماوەی دوو یان سێ رۆژی داهاتوودا دەگەڕێتەوە لوبنان و لەگەڵ میشال عۆن، سەرۆکی لوبنان تاوتوێی چەکی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی دەکات.



رۆژی شەممە 4/11/2017، سەعد حەریری، سەرۆک وەزیران لوبنان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە ریازی پایتەختی سعودیە، دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند و هۆکارەکەشی بۆ دەستوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیدا، گەڕاندەوە.



باسنيوز
Top