ئیسرائیل هەڕەشە لە ”هاوپەیمانەکانی ئێران“ دەکات
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە رووسیا رەزامەندیی لەسەر کارکردن لەگەڵ رژێمی سووریا دەربڕیوە بۆ دوورخستنەوەی ئەو گرووپ و میلیشیایانەی ”هاوپەیمانی ئێران“ن، لە سنوورەکانی ئیسرائیل.
بەپێی هەواڵێکی (سکای نیوز عەرەبی)، بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، وڵاتەکەی هەوڵ دەدات رێگریی لە نزیکبوونەوەی میلیشیاکانی نزیک لە رژێمی سووریا و هاوپەیمانی ئێران دەکات لە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، کە لە نزیک ناوچەی جۆڵانن، ”هەندێکجار پێویستە سنووری نێوانیان 30 کیلۆمەتر بێت“.
ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل هۆشداریی داوە لەوەی، ئەگەر هێزەکانی رژێمی سووریا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سنوورەکانی ئیسرائیل نزیک ببنەوە، ئەوا بۆردومان دەکرێن.
دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا، میلیشیای حزبوڵلای لوبنانی و میلیشیا عێراقییە شیعەکان و میلیشیای فاتمیونی ئەفغانستان بە پشتیوانیی سەربازیی و دارایی ئێران، هاوکاریی رژێمی سووریا لە دژی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکەن.
باسنیوز
