پوتین و ترەمپ لەبارەی سووریاوە رێک دەکەون

 پوتین و ترەمپ لەبارەی سووریاوە رێک دەکەون
هەردوو سەرۆکی رووسیای فیدڕال و ئەمریکا رێککەوتنێک لەبارەی سووریا (بە رۆژئاوای کوردستانیشەوە) رێک دەکەون.



بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (سپۆتنیک)ی رووسی، رۆژی شەممە 11/11/2017 ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی لوتکەی سەرانی ئاسیا (ئاپیک) لە ڤێتنام، کۆ بوونەتەوە.



ڤلادیمێر پوتین و دۆناڵد ترەمپ بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکردووە و تێیدا داوایان لە هەموو لایەنە شەڕکەرەکانی سووریا کردووە بەشداریی دانیشتنەکانی ئاشتیی لە جنێڤ بکەن.



ئەو دوو سەرۆکە هەروەها رێککەوتوون لەسەر ”پابەندبوون بە سەروەری و سەربەخۆیی سووریا“ و پێویستیی گەیشتنە چارەسەرێک بەبێ شەڕ.



هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، پوتین و ترەمپ جەختیان لە بوونی پەیوەندیی نێوانیان کردووەتەوە بۆ خۆدوورخستنەوە لە ”رووداوە ترسناکەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست“.



سەرۆکی رووسیا و ئەمریکا رێکیش کەوتوون لەسەر درێژەدان بە رێککەوتنی وەستاندنی شەڕ و چاودێریکردنی ئەو رێککەوتنە لە سەنتەرێکی هاوبەشی ئوردنی، رووسی و ئەمریکی لە عەممانی پایتەختی ئوردنەوە.




باسنيوز
Top