تیلرسن: لە لوبنان شوێنی هیچ هێز و میلیشیایەکی نایاسایی و بێگانە نابێتەوە
دوای توندبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان سعوودیە و حزبوڵڵای لوبنانی کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیووانی دەکرێ، تیلرسن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: " لە لوبنان، جگە لە هێزە ئەمنییە یاسایی و شەرعییەکانی دەوڵەت، هیچ شوێن و ڕۆڵێکی شەرعی بۆ هیچ هێزێکی بێگانە، یان میلیشیای چەکدار، نابێتەوە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی سەعد حەریری، سەرۆکی حکوومەتی لوبنان کە لە سعوودیە دەستی لەکار کێشایەوە و بە هۆیەوە ئەو گرژیانە تەشەنەیان کرد، دەڵێ: " حەریری هاوبەشێکی بەهێزی ئەمریکایە و دڵنیاییشمان وەرگرتووە کە ئەو دەستبەسەر نەکراوە".
حەریری لە دەست لەکارکێشانەوەکەی خۆی هێرشێکی توندی کردە سەر ئێران و حزبوڵڵا و ئاماژەی بەوە کرد کە ژیانی ئەو کراوەتە ئامانجی پیلانی ئەم دوو لایەنە، هەروەها باسی لەوە کرد کە حزبوڵڵا بووەتە سەرچاوەی فیتنە و ئاژاوە بۆ وڵانی عەرەبی.
تیلرسن لە بەیاننامەکەیدا هانی حەریری داوە بگەڕێتەوە لوبنان، جەختیشی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کەوا ئەمریکا بەوپەڕی توانا و هێزییەوە، پشتیووانیی سەربەخۆیی لوبنان دەکات.
باسنيوز
