ئێران لە سووریا بنکەی سەربازیی هەمیشەیی دەکاتەوە
باس لەوە دەکرێت سوپای ئێران ئەو بنکە سەربازییە لە دەوروبەری ناوچەی (ئەلکسوە) هەڵکەوتوو لە 14 کیلۆمەتریی باشووری دیمەشق، واتە شوێنێک کە پێشتر لەلایەن سوپای سووریاوە بەکار هێندراوە، دەکاتەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵ و ڕاپۆرتە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان لەبارەی نفووزی ئێران لە سووریا، لوبنان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڵاو بووەتەوە.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی داوە ئێران بەتەمای جێگیرکردن و سەقامگیریی سەربازییە لە سووریا و ئسیرائیل ڕێگە لەم کارە دەگرێت.
وێنە ئاسمانییەکان کە لەسەر داوازی BBC ئامادە کراون، نیشانی دەدەن لە نێوان مانگەکانی جانیوەری و ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا ئێران بنیاتنان و کردنەوەی ئەو بنکە سەربازییە بووە.
بەپێی هەمان ڕاپۆرت و وێنە، ئەو بنکە سەربازییە لە 12 بینا پێکهاتووە کە ئەگەری زۆرە بۆ جێکردنەوەی ئۆتۆمبێلی سەربازی و سەربازخانە دروست دەکرێت.
لە چەند مانگی ڕابردووشدا چەندین بینای دیکەش هەر لەو شوێنە کراونەتەوە، بەڵام هەتا ئێستا ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە کە ئایا هێزە سەربازییەکانی ئێران تێیدا جێگیر کراون، یان نا.
بە گوتەی چاودێرانی سیاسی و سەربازی حزووری درێژخایەنی سەربازیی ئێران لە سووریا زۆر دوور لە چاوەڕانی نییە و ئێران ساڵانێکە لەوێ هەیە و لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا بە ئاشکرا لە سووریا نیشتەجێ بووە.
ئێران بەوە تۆمەتبارە کە سەرقاڵی نفووزی خۆیە بۆ دروستکردنی (هیلالی شیعە) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەم ڕێگەیەوە و لەڕێگەی زەمینییەوە سەرقاڵی دابینکردنی پشتیوانیی حزبوڵای لوبنانە لەڕێگەی ئێرانەوە.
باسینیوز
