خامنەیی رەتی دەکاتەوە حەشدی شەعبی هەڵبووەشێنێتەوە
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (جەریدە)ی کوێتی، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانەکەیدا بۆ تاران، بە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانی گوتووە بەنیازە حەشدی شەعبی هەڵبووەشێنێتەوە و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان تێکەڵیان بکات.
هەروەک ئەو رۆژنامەیەک باسی کردووە، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی بە حەیدەر عەبادی گوتووە، تا ”کێشە ئەمنییەکان“ی عێراق چارەسەر نەبن، هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی قەدەغەیە و ”پیویستە هاوشێوەی بەسیجی ئێرانی، بکرێتە پاڵپشت بۆ حکوومەت“.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ رێبەری بالای ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ریکس تیلەرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، ئیدارەی ئەمریکا داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی کردووە و بە ئاشکرا پێی گوتووە، ”ئەگەر حەشدی شەعبی بچێتە ناو سنووری هەرێمی کوردستانەوە، ئەوا ئەمریکا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ عێراق، رادەگرێت“.
پێشتر لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە و داگیریان کردن و هەزاران هاووڵاتیی روویان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان کرد.
رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.
حەشدی شەعبی لە نزیکەی 67 میلیشیای شیعەمەزهەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.
باسنيوز
