بەرپرسی نووسینگەی خامنەیی: قاسم سولەیمانی بەبێ رژانی خوێن چووە ناو کەرکووک

 بەرپرسی نووسینگەی خامنەیی: قاسم سولەیمانی بەبێ رژانی خوێن چووە ناو کەرکووک
بەرپرسی نووسینگەی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران رایگەیاندووە، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی بەبێ رشتنی خوێن، ”کەرکووکی ئازاد کرد“.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، رۆژی سێشەممە 24/10/2017، ئایەتوڵڵا محەمەد گوڵپایگانی، بەرپرسی نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە رێوڕەسمێکی ئایینیی وڵاتەکەیدا، رایگەیاندووە، ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵیان دا ”ئیسرائیلی دووەم“ لە هەرێمی کوردستان دروست بکەن.

محەمەد گوڵپایگانی هەروەها رایگەیاندووە، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی ئەو پلانەی ئەمریکا و ئیسرائیلی لە کوردستان تێکشکاند و ”بەبێ ئەوەی خوێن لە لووتی کەس بێت کەرکووکی ئازاد کرد“.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە و داگیریان کردن و هەزاران هاووڵاتیی روویان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان کرد.

رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.

حەشدی شەعبی لە نزیکەی 67 میلیشیای شیعەمەزهەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.









باسنيوز
Top