ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە سعودیە تاوتوێی چارەنووسی بەشار ئەسەد دەکات

 ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە سعودیە تاوتوێی چارەنووسی بەشار ئەسەد دەکات
گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە ریازی پایتەختی سعودیەوە تاوتوێی چارەنووسی سەرۆکی رژیمی سووریا دەکەن.



رۆژی دووشەممە 21/8/2017، گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە ریاز کۆ دەبنەوە و بڕیارە لە کۆبوونەوەکە شاندێکی هاوبەشی یەکگرتوو بۆ دانوستاندنەکانی داهاتوو لە جنێڤ، پێک بهێنن.



لە کۆبوونەوەکەدا، بەرەی سەکۆی مۆسکۆ و قاهیرە بەشداریی دەکەن، کە ئەندامانی کەسایەتیی سوورین و خۆیان بە گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەزانن، بەڵام گرووپەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن بە لایەنگری بۆ رژێمی سووریا، تۆمەتباریان دەکەن.



ئەو گرووپانە لەو کۆبوونەوەیەدا، تاوتوێی پرسەکانی داهاتووی بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سووریا لە حوکمڕانیی ئەو وڵاتە و پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی یەکگرتوو بۆ کۆبوونەوەکانی جنێڤ، دەکەن.



تاوەکو ئێستا حەوت گەڕی دانوستاندنەکانی جنێڤ لە نێوان رژێمی سووریا و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە ئەنجام دراون، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ شەڕی ناوخۆیی سووریا و بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا گەڕی هەشتەمی دانوستاندنەکان بەڕێوە بچێت.



شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.



باسنیوز
Top