کابینەی حەسەن ڕۆحانی لە پەرلەمان متمانەی وەرگرت
بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران، حەبیبوڵا بیتەرەف، وەزیری پێشنیار کراو بۆ وەزارەتی نیروو، نەیتوانی دەنگی متمانە بەدەست بهێنێت، بیتەرەف کەلە دوو خولی پێشووتری سەرکۆماریشدا هەر وەزیر بووە، لە ڕۆژانی ڕابردووشدا بەهۆی ئەوەی پرۆژەی بەنداوی زۆر لە کارنامەکەیدا بووە و ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە، کەوتە بەر ڕەخنە و ئەمەش بووە هۆکاری دەنگنەهێنانەوەی.
حەسەن ڕۆحانی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا هیچ وەزیرێکی پێشنیار نەکردووە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ کەسێک وەک سەرپەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستنیشان بکات، هەتا کاتێک وەزیری گونجاو دەستنیشان دەکرێت.
لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا کە حەسەن ڕۆحانی سەرقاڵی پێشنیاری وەزیرانی کابینەکەی بە پەرلەمان بوو، لە نێوان دوو باڵی بناژۆخواز و ڕیفۆرمخوازدا مشتومڕی زۆر پەیدا بوو، هەندێ بۆچوون لەو باوەڕە دان هەموو وەزیرەکان بە پێشنیاری عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی بوون.
چوار وەزیری وەزارەتەکانی ئیتلاعات، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی نەوت لە خولی پێشووی سەرکۆماریی حەسەن ڕۆحانیشدا هەر ئەو چوار کەسە بوون و نەگۆڕاون.
باسنيوز
