نوێنەرێکی خامنەیی: سنوورەکانمان فراوان بوون و گەیشتوونەتە دەریای ناوەڕاست
ئایەتوڵڵا ئەحمەد عەلەمولهودا، ئەندامی ئەنجومەنی زانایانی ئێران و نوێنەری عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە شاری خوراسان باکووری رۆژهەڵاتی ئێران، لە وتاری رۆژی هەینیدا رایگەیاندووە، هێزەکانی ئیمام رەزای وڵاتەکەی لە پێناو بڵاوکرنەوەی ئایین، کە بەمەبەستی مەزهەبی شیعەی ئیسلامە، چوونەتە سووریا و عێراق.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی (ئیسنا)ی ئێرانی، ئایەتوڵڵا ئەحمەد عەلەمولهودا هەروەها رایگەیاندووە، کە سنووری رۆژئاوای وڵاتەکەی گەیشتووەتە عێراق، سووریا و سەر دەریای ناوەڕاست و هێزەکانیان بەرگریی لە ئالوبەیتی پێغەمبەری ئیسلام دەکەن.
دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، حزبە شیعییەکانی عێراق، کە بە جیبەجێکردنی ئەنجێنداکانی ئێران لەلایەن حزبە و سەرکردە سوننەکان تۆمەتبار دەکرێن، دەستیان بەسەر حوکمڕانیی عێراقدا گرت.
هەروەها دوای دورستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە، ئێران بە ناردنی چەک و میلیشیا هاوکاریی رژێمی سووریای دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات و هاوکات چەک بۆ میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی دەنێرێت.
ئایەتولڵا ئەحمەد عەلەمولهودا و نەخشەی هیلالی شیعیی ئێرانی
باسنیوز
