خامنەیی جێگرەوەی ڕەفسەنجانیی دەستنیشان کرد

 خامنەیی جێگرەوەی ڕەفسەنجانیی دەستنیشان کرد
بە فەرمانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، مەحموود شاهڕوودی، وەک سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەستنیشان کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیا فرمییەکانی ئیران، ئەمڕۆ دووشەممە 2017/8/14 عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە فەرمانێکی نوێ سەرۆکی نوێ و ئەندامانی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتەی دەستنیشان کرد.

بەپێی هەمان دەستوور، هەشت مانگ دوای مردنی عەلی‌ئەکبەر ڕەفسەنجانی، مەحموود هاشمی، وەک سەرۆکی نوێی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستنیشان کراوە.

هاوکات لەو فەرمانەدا محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پیشووی شارەوانیی تاران، ئیبراهیم ڕەئیسی، کاندیدی دوازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماری و ئەحمەد تەوەکولی، ئەندام پەرلەمانی پێشووی پەرلەمانی ئێران، بە ئەندامانی ئەو کۆڕە زیاد کراون.

موحسن ڕەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، دیسان وەک سکرتێری کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەستنیشان کراوەتەوە.

عەلی‌ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئەو کۆڕەوە هەتا کاتی مردنی سەرۆک بووە و پاش مەرگی "محەمەدعەلی موەحەدی" وەک سەرۆکی کاتی پۆستەکەی بەڕێوە برد.

گرنگترین ئەرکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکیی نێوان پەرلەمانی ئێران و ئەنجەمەنی باڵای ڕێبەرییە.












باسنيوز
Top